شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، ئەم ساڵ بەشێکی شەقامی 100 مەتری بەڕووی هاتووچۆی شوفێراندا دەکرێتەوە. بەرپرسێکی کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت، ئێستا بەهۆی وەرزی زستانەوە قیرتاوکردنی شەقامەکەیان راگرتووە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەگەڵ ستافی کۆمپانیای قەیوان کە جێبەجێکاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریییە کۆبوونەوەتەوە، بۆ دانانی پلانێکی نوێی کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتی خۆیدا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “جەخت لە تەواوکردنی شەقامەکە کرایەوە لە پردی تاسڵوجە تاوەکو یەکتربڕی لەگەڵ شەقامی قەرەداغ بە تەواوی بڕگەکانی رێگاکەوە و تەواوکردنی یەکتربڕەکانی ژمارە (12-13-14-15-16-17) تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ و کردنەوەی ئەو بەشەی شەقامەکە بەڕووی هاووڵاتیاندا”.
شاباز سدیق، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای قەیوان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: “ئێستا کارکردن لە پرد و یەکتربڕەکان بەردەوامە، بەڵام بەهۆی زستان و وەرزی سەرماوە قیرتاوکردن راگیراوە”.
شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریانداوە، کە “کارکردن لە یەکتربڕەکانی (تاسڵوجە ژمارە 11 و 24 سەرچەمی تانجەرۆ) چڕبکرێتەوە. کۆمپانیای قەیوان بەڵێنی دا بە پێشکێشکردنی پلانێکی چڕی کارکردن و تەواوکردنی کارەکان لە ماوەی یاسایی پڕۆژەکەدا”.
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە “ئۆتۆبانی بابان”یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و درێژییەکەی 34 کیلۆمەترە.
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە حەوت یەکتر بڕ، پێنج ئەندەرپاس، و چوار پرد و فلای ئۆڤەرێکی تێدەکەوێت.
ئۆتۆبانی بابان لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە چەند قۆناخێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ماوەی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.