بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر: لە ماوەی 20 ڕۆژدا دەبێت سەرجەم خواردنگەکان فلتەر دابنێن

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند، دەبێت سەرجەم خواردنگەکان لە ماوەی 20 ڕۆژدا فلتەر دابنێن.

پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند “لە درێژەى کاروچالاکیەکانى فەرمانگەى ژینگەى پارێزگاى هەولێر لە ژێر ڕۆشنایی فەرمانى سەرۆکی حکوومەت، لیژنەى ئێواران بە مەبەستى چارە کردنى دووکەڵی کەبابخانە و برژاندنی ماسی و پابەندکردنیان بە ڕێنماییە ژینگەییەکان، خاوەن خواردنگەکان ئاگادار کرانەوە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: خاوەنی خواردنگەکان و ئەو شوێنانەی ماسیی تێدا دەبرژێنرێت، ئاگادار کراونەتەوە لە ماوەی 20 ڕۆژدا فلتەر دابنێن و چی دیکە دووکەڵ بڵاو نەکەنەوە.

دەشڵێت: ئەگەر بێت و خاوەن خواردنگەکان و ئەوانەی ماسیی دەبرژێنن پابەند نەبن، سزا دەدرێن بە پێبژاردن، پێبژاردنەکەش لە 500 هەزارەوە دەست پێ دەکات تاکوو دوو ملیۆن دینار.

دڵشاد هیرانی، گوتیشی: ئەگەر بێت و دوای پێبژاردن دووبارەی بکەنەوە، شوێنەکەیان دادەخرێت و خاوەنەکانیان دەدرێنە دادگا

ھەواڵی زیاتر