لەسەر سکاڵای بەرپرسێکی یەکێتی، سەرنووسەری دەزگایەکی میدیایی لە سلێمانی ڕاپێچی بەردەم دادوەری ئاسایش دەکرێت.
سێ ساڵ لەمەوبەر، دەزگای میدیایی دیپلۆماتیک دۆسیەیەکی گەندەڵی ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی بەناوی دابان شەدەڵە بڵاودەکاتەوە. لەسەر ئەو دۆسیەیە، دابان شەدەڵە سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەنی دامەزراوە میدیاییەکە تۆمار دەکات کە ناوی هێمن باقڕە، دوای چەندین دانیشتن ساڵی پار دادگا سکاڵاکەی لە بەرژەوەندی خاوەنی دەزگای دیپلۆماتیک یەکلایی کردەوە.
دوای بردنەوەی داوا یاساییەکە، دەزگاکە دەقی نووسراوی دادگایان لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای خۆیان بڵاوکردەوە و وتیان ئێمە براوەبووین.
ئێستا دابان شەدەڵە دیسان داوای یاسایی تۆمار کردووە، دەڵێت ئێوە ناوی منتان زڕاندووە و نووسراوی دۆڕانی دادگاتان بڵاوکردوەتەوە.
لەسەر ئەم سکاڵایە، سەرنوسەری دیپلۆماتیك ئەمڕۆ بەیاسای خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، لەبەردەم داوەری ئاسایش ئامادە بووە، بە دادوەری ئاسایشی وتووە، ئەم سکاڵایە کۆمیدیە، بڵاوکردنەوەی بڕیاری دادگا مافی خۆمانە، دەبێت خەڵکی لێ ئاگادار بکەینەوە کە لەو دۆسیەیە ئێمە براوە بووین.
سەرەنجام دادوەر بە کەفالەتی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار هێمن باقڕ ئازاد دەکات تا ڕۆژی دادگایکردنی.