لە میانی دانانی بەردی بناغەی کردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی گوندی کۆری لە زۆنی B، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند: ئێمە پشتیوانی لە داخوازی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکەین، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران لە دژی بەغدا مانبگرن بەو پێیەی بەغدا مافەکانیانی زەوت کردووە، ئەوانەشی لە پشت خێمەی مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانین، هەر ئەوان هۆکاری بڕینی مووچەی مووچەخۆران بوون لە بەغدا.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا جەختی لەوە کردەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پشتی ئەو خێمەوە دەستی پێکردووە.
پارێزگاری هەولێر گوتی: مامۆستا و فەرمانبەر و مووچەخۆر و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازییە، بەڵام ئەوان لە بەغدا نا ڕازیین، بەغدا زوڵم لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانەی لە پشتی خێمەی مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانین، بابەتەکانیان ئاوەژوو کردووە و تێکەڵی پرس و کێشەی دیکەیان کردووە و دەڵێن: ڕای گشتی لەگەڵ ئەو پرسە دایە، بەڵام ڕای گشتی لە 20ـی ئۆکتۆبەر سەلماندی لەگەڵ کێدایە، هێشتا پەرلەمان و حکوومەت دەستبەکار نەبوون، ئێستا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی عێراق لە پشتی خێمەکە دەستی پێکردووە.
گوتی: ئەوانەی لە بەغدا پێشنیازیان کرد مووچە و بوودجەی خەڵکی کوردستان ببڕدرێت، ئێستا لە پشتی خێمەکە قسە دەکەن، ئەوانەی لە بەغدا دەستیان هەڵبڕیووە و دەنگیان داوە بۆ دژایەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، هاتوون لەژێر خێمەکە فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن، دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ئەوانمانە و لەگەڵ ئەو عەرەبانەمانە کە ئێستا لە دێگەلە لەنێو کۆستەرەکانن، عەرەبێک نە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، نە فەرمانبەری هەرێمی کوردستانە، لە بەغدا بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕن، ئەوان دێن بەناوی خۆ نیشاندەر و خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتەکان دێننە هەولێر، ڕێگەیان پێ نادرێت، ئەوانە ڕەزا قورسەکانن، نەوەک ئەوانەی فەرمانبەری هەرێمی کوردستانن، مامۆستایان مافی خۆیانە و مافی خەڵکی تەواوی هەرێمی کوردستانیشە مان بگرن و خۆی نیشان بدەن و ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بەو زوڵم و ستەمەی بەغدا لە هەرێمی کوردستانی دەکات.