کەسوکاری ئەو کچەی سووتێندرا هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن

لەسەرچاوە ئەمنییەکان زانراوە، نوور بە دەستی کوڕێکی سووریایی خنکێندراوە. کەسوکارەکەی دەلێن، دوای کاژێر 10ـی شەوی سێی ئەم مانگە نوور تەلەفۆنەکەی داخراوە و دوای چەند جار پەیوەندیکردن، ئاگادارکراونەتەوە کە تەرمی نوور بە سووتێندراوی لە سنووری قەزای بەحرکە دۆزراوەتەوە.

کەسوکارەکەی دەلێن بکوژ کوڕێکی سوریایی تەمەن 18 ساڵە، تاوەکو ئێستا ناو و چۆنیەتی یەکتر ناسینی بکوژ و کوژراویان بۆ روون نەبووەتەوە. بە قسەی کەسوکاری بکوژ دوای تاوانەکە ئۆتۆمبێل و زێرەکانی نووریشی بردووە.

شەمس دلێمی خوشکی نوور باس لەوە دەکات، “ئێمە نەماندەزانی، ئەو ( نوور) شەوی رابردوو چووبووە دەرەوە لە درەنگانی شەو، کاژێر 4ـی بەرەبەیان ئاگاداریان کردینەوە کە رووداوێکی بەسەردا هاتووە، لە بنکەی پۆلیس پێیان گوتین کوڕێکی سووریایی بکوژە، لەبەر ئۆتۆمبێل و پارەکانی کوشتوویەتی، ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵیدا نەبوو. چووین سەیری کامێراکان بکەین گوتیان ئێمە خەوتبووین و ئاگادار نەبووین، ئاخر چۆن لەو هۆتێلە هێنایانە خوارەوە بە کوژراوی، چۆن بردیە دەرەوە بۆسەر رێگای بەحرکە؟ چۆن لەوێ سووتاندی، ئەمە ناگونجێت کەسێک بە تەنیا ئەم تاوانەی کردبێت.”

لە دوای رووداوەکە بکوژ دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، تەرمی نوور دوای توێکاری پزیشکی برایەوە بەغدا. کەسوکارەکەیشی سکاڵایان تۆمارکردووە.

مەروە دلێمی، خوشکی نوور لەبارەی چۆنیەتی کوژرانی نوور دەڵێت، “سەرەتا پێیان گوتین بکوژەکان دوو کەسن، کوڕێکی سووریایی لەگەڵ کوردێک کە خەڵکی هەولێرە، دواتر چووین بۆ بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، ئەوان پێیان گوتین، نەخێر بکوژ تەنیا یەک کەسە و کوڕێکی سووریاییە، ئێ باشە ئەی ئەوانەی لە هۆتێلەکە کاریان دەکرد؟ بۆ نەیانهێناون بۆ لێکۆڵینەوە؟ چۆن دەبێت لەبەر چاوی ئەوان ئەو تاوانە روویدابێت، کەچی دەڵێن ئەوان کاژێر دووی شەو خەتوون، چۆن هۆتێلی ئاوا گەورە کەس ئاگای لێنەبووە و هەمووی خەوتووە؟”

نوور دلێمی خەڵکی بەغدایە و ماوەی 8 ساڵە لەگەڵ دوو خوشکی دیکەی لە هەولێر نیشتەجێبوون.

ھەواڵی زیاتر