ھەزاران مامۆستا و فەرمانبەر لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا خانەنشینی دەیانگرێتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستا و فەرمانبەرانى خانەنشین لە دیوانى وەزارەت کرد و ڕایگەیاند: لە زانکۆ و دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەت زیاتر لە هەزار و 600 مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشینی دەیانگرێتەوە.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بۆ بەخشینی ڕێزلێنان بە مامۆستا فەرمانبەرانی خانەنشینی دیوانی وەزارەتەکە ساز کرا.

بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 29 مامۆستا و فەرمانبەری دیوانی وەزارەتەکە کە خانەنشینی دەیانگرێتەوە، ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و ڕایکردنی کاروباری هاووڵاتییان بەرز ڕاگیرا.

سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕۆژی 15ـی کانوونی دووەمی 2025، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی هەمواركراوی جێبەجێ کرد و بەم جۆرەش تەمەنی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە 63 ساڵەوە کەم کرایەوە بۆ 60 ساڵ.

پالپشت بەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، هەزار و 623 مامۆستا و فەرمانبەر لە زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا خانەنشینی دەیانگرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر