نزیکەی ٪75ـی پڕۆژەی راکێشانی ئاو بۆ هەولێر تەواو بووە

هاوینی ئەم ساڵ پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو بۆ هەولێر تەواودەبێت و کێشە گەورەکەی شارەکە چارەسەر دەبێت و تینویایەتی دەشکێت.

پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو بۆ هەولێر، 75٪ـی تەواوبووە و بڕیارە کۆتایی مانگی 6 کۆتایی بە کارەکانی بێت. بۆرییە گەورەکانی پڕۆژەکە گەیشتوونەتە نێو هەولێر و دەورووبەری، زیاتر لە 70٪ـی شارەکە و دەورووبەری سوودی لێ دەبینن، لە پلانی پرۆژەکەش هاتووە کۆتایی بە کێشەی نەبوون و کەمی ئاو دێت، چونکە لە کاژێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەگەیێنێتە هەولێر.

پەیام حەسەن، ئەندازیارە لە کۆمپانیای هێمن گرووپ و لەبارەی  کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە دەڵێت، “دەمانەوێت ئەو پڕۆژەیە بە زووترین کات تەواو بکەین کە دەکەوێتە هاوینی ئەم ساڵ، لە کۆتایی مانگی شەش بۆ سەرەتای مانگی حەوت. لە کاژێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەنێرێت بۆ وێستگەکانمان، بەراورد بە هێڵەکانی ئیفرازی یەک، دوو و سێ، کە بە هەر سێکیان ئەگەر بەبێ گرفت کاریان کردبووایە، لە کاژێرێکدا 13 هەزار مەتر سێجا ئاو دەنێرن. لەو پڕۆژەیە ئاو هێندە بەهێز دەڕوات، توانای هەیە سێ بۆ چوار نهۆم ئاو بەسەربخات و پێویستی بە مزەخە نەبێت”.

بۆ ئەوەی هیچ شکانێک نەبێت، لە پرۆژەکەدا جۆرێک لە بۆری بەکارهێندراوە کە هەمان کوالێتی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەیە. بە درێژایی رێڕەوی بۆرییەکانیش هێڵێکی ئینتەرنێت داندراوە بۆ ئاگاداربوون لەهەر کێشەیەک.

پەیام حەسەن  لەبارەی شکانی بۆرییەکانیش باس لەوە دەکات، “دەمەوێت ئەوەش رابگەیێنم، ئەو کێشەیە نامێنێت کە دەگوترا بۆری شکاوە، لەگەڵ بۆری جۆری کاربۆن ستیل شکان زۆر زەحمەتە، ئەو جۆرە بۆرییە کە 1,600 ملیمە، تاوەکو ئێستا بەو قەبارە و کوالێتییە لە عێراق بەکارنەهاتووە”.

لە پڕۆژەکەدا 480 کم بۆری قەبارە جیاواز بەکاردەهێندرێت، لەرێگەیەوە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیێندرێتە تۆڕی ئاو لە هەولێر و دەورووبەری. هاوتەریب لەگەڵ بەستن و گەیاندنی بۆرییەکان، هێڵی کارەبای تایبەتیش بۆ پڕۆژەکە رادەکێشرێت.

 زانا کازم، کارمەندی سەرپەرشتیارە لە کۆمپانیای هێمن گرووپ و لەبارەی پێویستیی کارەبا بۆ پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەدات، “پڕۆژەکە زیاتر لە 30 مێگاوات کارەبای پێویستە، گەیاندنی ئەو تاوەرە زۆرانە خۆی لە خۆیدا بە پرۆژەیەکی گەورە دادەندرێت، وەک کۆمپانیای هێمن گرووپ 105 تاوەری بەرزی کارەبامان دابینکردووە، هاوتەریب لەگەڵ بۆرییەکان هێڵی کارەباش دەگەیێندرێت”.

بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر، لە کۆی 1,350 بیری ئاوی خواردنەوە، زیاتر لە هەزاریان دادەخرێن. 

 بە تەواوبوونی پرۆژەکە، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، تاوەکو 30 ساڵی داهاتوو کێشەی نەبوون و کەمی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر چارەسەرببێت.

ھەواڵی زیاتر