ئەو پیاوەی لە پێنجوێن هاوژینێکی خۆی کوشت و تەرمەکەی شێواند دەستگیرکرا

سەرەتای ئەم ساڵ لە قەزای پێنجوێن ژنێک کوژرا، دواتر هاوژینەکەی بە کوشتن و پارچەکردنی تەرمەکەی تۆمەتبار کرا. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، “هاونیشتمانییەکە لە ئێران دەستگیرکراوە.”

15-01-2025 تەرمی ژنێک لە ماڵێکدا لە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی دۆزرایەوە کە جەستەکەی پارچە پارچە کرابوو. رووداوەکە سەرەتای ساڵ روویدابوو و تاوەکو دۆزینەوەی تەرمەکە بە شاراوەیی مابووەوە.

ئەو ژنەی کە کوژرا و هاوژینەکەشی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بەڵام چەند ساڵێک بوو لە هەرێمی کوردستان دەژیان. دوای رووداوەکە پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارەکە هەڵاتووە بۆ ئێران.

هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن ئەمرۆ شەممە رایگەیاند: “تۆمەتبار و کوژراو هەردووکیان ناسنامەیان رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دوای رووداوەکە دادگەی پێنجوێن پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، ئەوە بوو دواجار لە ئێران دەستگیر کرا”.

قایمقامی پێنجوێن گوتی، تۆمەتبارەکە لە ئێران دەستگیرکراوە و هەر لەوێش لە زیندادایە.

رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: “بکوژی ئەو ژنەی لە پێنجوێن کوژرا، دەگوترێت لە ئێران دەستگیرکراوە، بەڵام لەو بارەیەوە هیچ نووسراوێکی فەرمی بە پۆلیسی سلێمانی نەدراوە”.

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، رادەستکردنەوەی زیندانەکە یان هێشتنەوەی لە ئێران، لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدایە.

دوای رووداوەکە ئاشکرا بوو تۆمەتبارەکە هەڵاتووە بۆ ئێران. سەرکەوت ئەحمەد دەڵێ: “دوای شاردنەوەی تەرمەکە، تۆمەتبارەکە هەڵاتبوو بۆ ئێران و لەوێوە تەلەفۆنی بۆ کەسوکارەکەی کردبوو و هەواڵەکەی پێدابوون و خۆشی گوتبووی بڕۆن تەرمەکە ببینن و پۆلیس ئاگادار بکەنەوە”.

ھەواڵی زیاتر