بە بڕیاری سەرۆکوەزیران هاوینەهەواری بێخاڵ نەوژەندەکرێتەوە

بڕیارە فرۆشگە و رێستۆرانتەکانی هاوینەهەواری بێخاڵ و ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی ئیدارەی سۆران تێکبدرێن و بەشێوازێکی نوێ دروستبکرێنەوە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزار دەڵێت، هیچ خاوەنکارێک بێ کار نابێت و جێگەی دیکەیان پێدەدرێتەوە.

هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێشەممە 28-01-2025 رایگەیاند “بەگوێرەی ماستەرپلانێک کە جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەرداوە، گۆڕانکاری لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دەکرێت و بەشێوەیەکی مۆدێرنی جیهانی، بونیاد دەنرێنەوە”.

هاوینەهەواری بێخاڵ کە یەکێک لە سەیرانگە بەناوبانگەکانی کوردستان و عێراق، لە چوارچێوەی ماستەرپلانەکەدا تێکدەدرێت و دروست دەکرێتەوە. هەژار حەکیم دەڵێت “کارەکانی ماستەرپلانەکە دەستیپێکردووە، بەڵام هاوینەهەواری بێخاڵ هێشتا کراوەیە و نوێکردنەوەی دەستیپێنەکردووە.” 

هەر ئەمڕۆ د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاند “پڕۆژەکە بۆ پەرەپێدانی گەشتیارییە لەچوارچێوەی ماستەرپلاندا، کە گۆڕانکارییەکە لە خەلیفانەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو بێخاڵ.”

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتی “بەگوێرەی ماستەرپلانەکە، گۆڕانکاری ریشەیی لە سەیرانگەکە و هاوینەوارەکاندا دەکرێت. دڵنیایی دەدەینە ئەو کاسبکارانەی لە بێخاڵ کاردەکەن بێ کار ناکرێن و دوای کۆتاییهاتنی کارەکان، دەبنەوە خاوەن کاری خۆیان”

بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری سۆران، لە سێ ساڵی رابردوو ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەیان کردووە.

ھەواڵی زیاتر