جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: سبەی ناوی ئەو 500 کەسە بڵاودەکرێتەوە کە دامەزرێندراون

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، سبەی ناوی ئەو 500 کەسە ئاشکرا دەکرێت، کە بەشێوەی گرێبەست بۆ فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە دامەزرێندراون.

دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، “ئەمڕۆ نووسراوی ناوی ئەو کەسانەی کە دامەزراون، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە و سبەی ناوەکان رادەگەیێنین.”

28-11-2024، ناوی ئەو کەسانەی کە دامەزراون لە نووسراوێکدا لە لایەن ئەنجوومەنی راژەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پەسندکردن. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، “سبەی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی دامەزراندنی ئەو 500 کەسە رادەگەیێنین و دواتر ناوەکانیان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاودەکەینەوە.”

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بڵاوکردنەوەی ناوی وەرگیراوان، چەند رۆژێک بۆ پەڵپگرتن دیاری دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک شیاوی دامەزراندن بووبێت و کەسێکی ناشایستە لە شوێنی دامەزرابوو راستی بکەنەوە.

22ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە کۆبووەوە. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاکە داوە.

دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران، حوزەیرانی پار بەشێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری دامەزراندنەکە پڕکرایەوە و دواتر 500 ناو بەگوێرەی مەرجەکان هەڵبژێردران.

ھەواڵی زیاتر