چی بەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنیشنان هات
نزیکەی ساڵێکە فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بە کرێنشینان و کەمدەرامەتان پڕکراوەتەوە، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک وەرینەگرتووە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، ناوەکان لە راستاندندان.
ساڵی 2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان پڕکردنەوەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی ئۆنلاینەوە راگەیاند و، تاوەکو 01-02-2024 پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەردەوام بوو.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (دووشەممە) رایگەیاند “ئەو کەسانەی فۆڕمیان بە دروستی پڕکردبووەوە، ناوەکانیان بۆ راستاندن نێردراوە بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و، تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕێندراونەتەوە.”
نزیکەی 60 هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی یەکەکانیان پڕکردبووەوە، بەڵام نزیکەی 26 هەزاریان کۆدیان بۆ گەڕاوبووەوە و فۆڕمەکەیان پەسندکرا.
توانا بەشیر گوتی “یەکەکان کاری نوێیان تێدا نەکراوە، چونکە بودجەی دەوێت. هەرکات ناوەکان گەڕانەوە بۆ وەزارەت و بودجە دابینکرا، کار لە یەکەکان دەکرێت.”
ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیاربوو بۆ کەمدەرامەتەکان دروستبکرێن 9004 شوقە بوو، زۆرینەی کارەکانیان تەواو کراوە؛ 1356ـیان لە هەولێرن، لە سلێمانی 3876، لە دهۆک 2116، هەڵەبجە 192، ئیدارەکانی گەرمیان 360، راپەرین 420، زاخۆ 324 و سۆران 360 یەکە. بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و کەمتری تەواو بووە، تاوەکو دەگاتە 13%.
وەزارەتی ئاوەدانکردەنەوە دەڵێت بۆ تەواوکردنی کاری سەرجەم شوقەکان، پێویستی بە 267 ملیار دینارە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ گەڕانەوەی ناوەکان، ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەن کە دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون، هەرکاتێکیش بودجە تەرخانکرا، راستەوخۆ کار لە یەکەکان دەستپێدەکاتەوە، کە “هەندێکیان کاری زۆر کەمیان ماوە”.
رۆژی 8ـی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی “بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان، ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە.”
جگە لە کەمدەرامەتان، بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.