شارەوانیی سلێمانی: دابەشکردنی زەوی نەوەستاوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییەکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ “کەمترین فەرمانبەر” زەوییان وەرگرتووە و زۆرینەیان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەویدان.

ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: “جگە لە فەرمانبەرانی شارەوانی سلێمانی، زۆرینەی فەرمانبەرانی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو ئەمڕۆ زەوییان وەرنەگرتووە”.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 20 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام ئاوات دەباخ دەڵێت: “نزیکەی هەزار و 100 کەس زەوییان وەرگرتووە و ئەوانی دیکە تاوەکو ئەمڕۆ زەوییان وەرنەگرتووە”.

هەر ئەمڕۆ زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند: “دابەشکردنی زەوی رانەگیراوە، بەڵکو ناوەکان لە وەزارەتی شارەوانین و ئێمەش چاوەڕێی رێکارەکانین”.

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: “هەرکاتێک وەزارەتی شارەوانی ناوەکانی گەڕاندەوە، رێکارەکان تەواو بوون و فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ هەر ناوێک دەرکرد، ئێمەش رێکارەکانی دابەشکردنەکە دەستپێدەکەین”.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا بەشێکی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی دیکەش زەوییان وەرگرتووە و زۆرینە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوییەکەیاندان.

رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن: ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.

ھەواڵی زیاتر