مەسروور بارزانی لەبارەی پاشگەزبوونەوەی عێراق پەیامێک بڵاودەکاتەوەلە

ماڵپەڕی بلوومبێرگی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس رای گەیاندووە، سەری سووڕماوە لەو گۆڕانكارییانەی كە لە رەشنووسی پەسەندكراوی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت كراوە، هاوكات دواخستنی دەنگدانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی عێراق لەسەر رەشنووسە پەسەندكراوەكەی كە پێشووتر رێككەوتنی لەبارەوە كرابوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەمی 2025، ماڵپەڕی بلوومبێرگی ئەمەریكی ئاماژەی داوە كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤۆس رای گەیاند، ئەو گۆڕانكارییانەی لەو رەشنووسەدا لەلایەن عێراقەوە كراوە پێشووتر لەبارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتەوە لەسەری رێككەوتبووین و چاوەڕواننەكراو بوو.

مەسروور بارزانی ئەوەیشی گوتووە، ئەو گۆڕانكارییانەی لە ڕەشنووسەكەدا كراون بێ راوێژ بووە لەگەڵ ئێمەدا.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2024، رەشنووسێكی پەسەند كرد كە بریتی بوو لە تەرخانكردنی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و دەگوازرێتەوە، لای خۆیەوە سەرۆكی حكوومەت رای گەیاندووە، پەرلەمانی عێراق بڕیار بوو دەنگ لەسەر یاساكە بدات بەڵام بەهۆی چەند گۆڕانكارییەكی چاوەرواننەكراو دەنگی لەسەر نەدرا.

لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لێدوانێكی لەبارەی هەوڵەكانی هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بڵاو كردەوە و لە لێدوانەكەیدا دەڵێ‌، دوای چەندان كۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەموار بكرێتەوە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیشی بۆ كرا، بەڵام بەداخەوە لە كۆتا ساتەكاندا، دەنگی لەسەر نەدرا.

“ئێمە تووشی سەرسووڕمان بووین بەوەی پێشنیارێك لە لایەن نوێنەری حكوومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، تاكلایەنە و بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بكرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمان كاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەمواركردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە، بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان” گوتەبێژەكەی حكوومەت وای نووسیوە.

هەروەها دووپات دەكاتەوە، ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و كێشەكان قووڵتر دەكەنەوە، خزمەت بە چارەسەركردنی پرسەكان ناكات. “بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە و دژی دەوەستین، دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری ڕێككەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە”.

ھەواڵی زیاتر