پارتی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە “هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو”.
چوارشەممە، 22-01-2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێكی لە بارەی دەنگدان و پەسەندکردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە) لەلایەن پەرلەمانی عێراق و گەڕاندنەوەی زەویوزارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بڵاو كردەوە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە “هەنگاوێکی گرنگ و پێویست” ناو بردووە و بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هیوادارین ئەو هەنگاوە هاندەری زیاتر قووڵکردنەوەی گیانی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوکردنی بنەماکانی بنیاتناوەی عێراقی نوێ بێت.”
مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە “چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدراڵ و دامودەزگا پەیوەندارەکان هەیە کە لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ساردی نەنوێنن و ڕۆڵی خۆیان ببینن.”
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی:
دەنگدان و پەسەندکردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە) لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و گەڕاندنەوەی زەوی و زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو.
بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین کە ڕۆڵی کوردستانیانە و نیشتمانیانەیان بینی، هەروەها دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی ئەو هێز و لایەنانە دەکەین کە ڕۆڵیان هەبوو لە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و چارەسەرکردنی غەدرێکی دەیانساڵە کە بەرامبەر کورد و تورکمانی شاری کەرکوک کراوە.
هیوادارین ئەو هەنگاوە هاندەری زیاتر قوڵکردنەوەی گیانی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پتەوکردنی بنەماکانی بنیاتناوەی عێراقی نوێ بێت و، چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامودەزگا پەیوەندارەکان هەیە کە لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ساردی نەنوێنن و ڕۆڵی خۆیان ببینن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
چوارشەممە، 22-01-2025