شاندی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی کەیسی کێشە هەڵواسراوەکانیان ببەنە بەغدا لەهەولێر لەگەڵ نوێنەری وڵاتان کۆدەبنەوە و دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان دەخەنەڕوو.
هەولێر هەنگاوەکانی بۆ گرەنتیکردنی مافەکانی لە بەغدا خێرا دەکات، بۆ ئەوەی پێش هەموار و پەسەندکردنی خشتەی بودجەی 2025، پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بدرێت و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری وڵاتان کۆدەبێتەوە، ڕوونکردنەوە لەسەر کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن و دیدگای چارەسەری کێشەکان دەخەنەڕوو.
شاندی هەرێمی کوردستان لە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتوون.