خاوەنی تانکەرەکانی سلێمانی گردبونەوە

هەندێک لە خاوەنی تانکەرەکانی نەوت، لە سلێمانی گردبونەتەوە و رێگای تانجەرۆیان داخستوە، وەک خۆیان دەڵێن: بارەکان دەدرێت بە شۆفێرە ئێرانییەکان و ئەمانیش باج و رسومات و ژینگە دەدەن.

نزیكەی هەزار و 500 تانكەر لە سنوری پارێزگای سلێمانی كاری گواستنەوەی نەوت و بەرهەمکانی دەکەن بۆ وڵاتی ئێران، ژمارەیەک لە خاوەنی تانکەرەکان بۆماوەیک رێگەی تانجەرۆیان داخست.

بەشێک لە شۆفێری ئەو تانکەرانە رایگەیاند، هەیانە نزیکەی سێ مانگە هیچ بارێکی نەبردوە بۆ وڵاتی ئێران بەهۆی ئەوەی بارەکانیان دەدرێت بە شۆفێرانی ئێرانی بۆیە ئێستا بێکارن.

دەشڵێن: باجی رێگا و ژینگە و سەرپێچی كامێرا دەدەن، بەڵام باریان پێنادرێت و ئامادە نین بەو نرخە بارە نەوتەكان بگوازنەوە كە خاوەن تانكەرە ئێرانییەكان دەیكەن، چونکە شۆفێرە ئێرانییەکان بە 10 دۆلار کەمتر بارەکان دەبەن.

راشیدەگەیەنن، کاتێک باری نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان دەبەن، لە مەرزی باشماخ و  لە دیوی ئێران (500 دۆلار)ـیان لێوەردەگیرێت، گروپێك لە تانجەرۆ بە ناوی “ناقل”و “مەندوب”ەوە دروستبون بە خاوەن بارەكان دەڵێن بارەكانتان بە تانكەری ئێرانی بار بكەن كرێی كەمتر دەكەوێت.

ھەواڵی زیاتر