پارتی پەیامێک لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە بڵاو دەکاتەوە

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێك لە بارەی خۆپیشاندانەكانی‌ چەند رۆژی رابردوو بڵاو دەكاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان غەدرێكی گەورەیە لە داواكاریی ئەو هاووڵاتیانە دەكرێت كە لەپێناوی مافەكانی خۆیان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

دەقی پەیامەكە:

یەكێك لە سیما جوانەكانی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی و پێشكەوتوو، بوونی ئازادی رادەربڕین و ئەو چالاكیە مەدەنیانەن كە‌ بۆ داواكردنی ‌مافی چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە ئەنجام دەد‌رێن، بیگومان خۆپیشاندانیش، هەم شێوەیەكە‌ لە ئازادی رادەبرین و هەمیش چالاكیەكی مەدەنیانەیە بۆ داواكردنی مافەكانی هاووڵاتیان. هەربۆیە ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان جیا لەوەی بڕوای تەواومان بە مافی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و هێمنانە هەیە، لە هەمانكاتدا وەك پڕنسیپی سیاسیشمان پشتگیری و پشتیوانی لێدەكەین و، بە دیدی ئێمە خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی یاسادا، جۆرێكە لە بەشداری راستەوخۆی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسی وڵات و، ئامانج لە ئەنجامدانیشی ھێنانەكایەی دیالۆگێكی راستەوخۆی نێوان حكومەت و هاووڵاتیانە، بۆ ئەوەی پێكەوە رێگەیەكی دروست بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و هێنانەدی خواست و داواكاری سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی كۆمەڵگە بدۆزینەوه.‌

دیارە باردۆخی ئێستای كوردستان هاوشێوەی بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان، لەبەردەم چەند قەیرانێكی تەندروستیی و ئابووریدایە، ئەم قەیرانانەش راستەوخۆ كاریگەریان لەسەر سەلامەتی و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان كردووە، بۆیە هاووڵاتیان وەكو چۆن ئەركی سەرشانیانە هاوكار و پاڵپشتی حكومەتی خۆیان بن، مافی خۆشیانە داوا رەوا‌كانیان بگەیەننە حكومەت و، لەبەرامبەریشدا ئەركی سەرشانی دامەزراوەكانی وڵاتیشە كە گوێ لە خواست و داوای هاووڵاتیان بگرێت و، بەپێی ئەو هەلومەرجەی وڵاتی پێدا تێپەردەبێت، چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و نیگەرانییە، كاتێك ئەم خۆپیشاندانانە ئەنجام دەدرێن، هەندێك خەڵك و لایەن، خۆیان دەخزێننە ناو خۆپیشاندەران و، ژینگەی مەدەنی خۆپیشاندانەكە بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەكاردەهێنن و، ئاراستەی خۆپیشاندانەكە بەرەو توندوتیژی و هەڵكوتانە سەر دامودەزگا حكومی و حزبیەكان دەگۆڕن، بەمەش لەلایەك جۆرێك لە ناسەقامگیری دروست دەكەن و ئاشتی كۆمەڵایەتی تەواوی خەڵكی كوردستان دەخەنە مەترسیەوه ‌و، لەلایەكی دیكەش ئامانجی خۆپیشاندانەكە ‌لەناو ئەو پشێوی و ئاژاوەیەدا وون دەبێت و، باردۆخەكە‌ بەرەو ئاراستەیەك‌ دەبەن كە تێگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوان دامودەزگاكانی حكومەت و هیز و لایەنە سیاسییەكان و خەڵك دروست نەبێت، كە ئەمەش كۆسپ لەبەردەم هەنگاوەكانی پێكەوەیی و دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ داواكاریەكانی هاووڵاتیان دروستدەكات.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی راشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە، كە ئەو كەس و لایەنانەی خۆیان دەخزێنە ناو خۆپیشاندانی رەوا و مەدەنیانەی هاووڵاتیان و، پاشان لە ژێر پەردەی خۆپیشانداندا، هەڵدەكوتنە سەر نەخۆشخانە و فەرمانگە حكومیەكان و بارەگای هێز و لایەنە سیاسیەكان و، بەرد بارانیان دەكەن و  دەیانسووتێنن، ئەوانە هەرگیز وەك خۆپیشاندەر مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت و دەبێت بەیاسا سنووریان بۆ دابنرێت و، لە هەمانكاتدا دەبێت بە یاسا خۆپیشاندان و خۆپیشاندەرانیش بپارێزرێن و، هەموو ریوشوێنیكی یاسایی بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ئاراستەی ئاشتیانە و مەدەنیانەی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان بە لاڕێدا نەبردرێت، كە ئەم بەلارێدابردنە غەدرێكی گەورەیە لە داواكاری ئەو هاووڵاتیانە دەكرێت كە لەپێناوی مافەكانی خۆیان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و، هاوكات پەرەپێدانی‌ فەرهەنگێكی نامۆشە لەناو كۆمەڵگەكەماندا.

لە كۆتاییدا ، جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوه،‌ كە پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتیوانی مافە رەواكانی خەڵكی كوردستانە و هەموو هەوڵی خۆشی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییە دڵسۆزەكانی دیكە، پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی كە بوونە هۆكاری ئەم قەیرانانە و، ئەو بارگرانیەی لەسەر شانی هاووڵاتیانی خۆشەویستە‌‌ سووك بكرێت كە ئێستا بەهۆی ئەم باردۆخەوە گوزەرانی قوڕس كردوون، هاوكات پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵە یاسایانەش دەكەین كە سنورێك لە چوارچێوەی یاسادا بۆ سەرجەم ئەو كەس و لایەنە ئاژاوەگێرانە دادەنێت كە ژینگەی ئاشتی و مەدەنیانەی خۆپیشاندانەكان بەرەو ئاراستەی توندوتیژی و ناسەقامگیری سیاسی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان دەبەن.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24ی ئابی 2020

ھەواڵی زیاتر