یەكێك لە تاقانەكانی ئەنفال كە پێشتر راوێژكاری قوباد تاڵەبانی بووە، رای دەگەیەنێت كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووبارە خەڵكی ئەنفال دەكاتەوە، لە ڕێگەی هاوردەكردنی ئەو كاڵایانەی كە مرۆڤ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەكەن!
تەیمووری ئەنفال، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”کوردستانیانی خۆشەویست، دەمەوێت لێرەوە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و بەتایبەی دەڤەری گەرمیان ئاگادار بکەمەوە لە کارێکێی زۆر قێزەونی نا یەکێتی نا نیشتمانی نا کوردستان (مەبەستی لێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە).“
هەروەك ڕوونی كردۆتەوە: ”ئەم کۆلکە حزبە هەستاوە بە قاچاخ هاوردەکردنی پەتاتە و کوولەکەی خراپ کە هەڵگری نەخۆشیی شێرپەنجەن. هاووڵاتیان بە بەکارهێنان و خواردنیان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبن، بۆیە تکایە ئاکاداری تەندرووستیی خۆتان بن.“
لە كۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە: ”ئەم جۆرە بازرگانییە لەلایەن یەکێتییەوە، دووبارە ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستانە.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی 1ی 2025، شوان كەلاری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كە خەڵكی گەرمیانە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”ژەهرخواردکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیانی گەرمیان و کوردستان لە ڕێگەی (پەتاتە و کوولەکە)ی ژەهراویی هاوردەکراوی قاچاخەوە بۆ عەلوەی کەلار، (جینۆسایدێکی سپییە) و دەبێت ڕێگەی لێ بگیرێت و قەبووڵ نەکرێت.“
هاوكات بە پێویستی زانیوە بە زوویی حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەرهێڵ و لێپرسینەوەی توند بکەن.
ئەم نووسینانە پاش ئەوە دێت كە دوێنێ یەكشەممە 5ی 1ی 2025، دڵشاد ئەنوەر، رۆژنامەنووس و پەیامنێری بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)، لە نووسینێكیدا وەك بانگەشەی بۆ دەكات، نهێنییەكانی هێنانی بەرهەم و خۆراكی كشتوكاڵیی قاچاخی زۆر مەترسیدار لە ئێرانەوە بۆ ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و سلێمانی، لە دەروازە سنوورییەكانی بن دەسەڵاتی یەكێتی و بە یارمەتیی كۆمپانیاكانی یەكێتی، ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ”ئەو بەرهەمانە نایاسایین و شێرپەنجەیان پێوەیە.“ تا ئێستاش یەكێتی وەڵامی ئەو نووسینەی ئەو رۆژنامەنووسەی نەداوەتەوە.
دڵشاد ئەنوەر نووسینەكەی لەژێر سەردێڕی (دزی ڕۆژ)ە و نووسیویەتی: ”ئەمڕۆ دەیان تۆنی پەتاتە، کوولەکە و خەیار، داخڵی هەرێم کراوە و هەر هەمووی نایترەیتی زۆر لە ستاندارد بەرزتر بووە و لە عەلوەی کەلار فەحسیان بۆ کراوە، واتە ئەم بەرهەمانە ئەوانەن کە مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەکەن.“
لە درێژەی نووسینەكەیدا، ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت: ”بار لە ئێرانەوە دێ، کۆمپانیای سەر بە یەکێتی لێرە لەسەری دەنووسن (المنتج المحلی – بەرهەمی خۆماڵی) واتە بەروبوومی ئێرانی دەکەنە بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش هەر نووسراوێك لەلایەن کۆمپانیاکەی یەکێتییەوە ٢٥ هەزار دیناری لێ وەردەگیرێ.“
هەروەها نووسیویەتی: ”ورد و درشتی ئەمەی من باسی دەکەم، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، ئەوەی دەڕواتە فێستیڤاڵەکانی بازاڕ و باسی بەروبوومی ناوخۆیی دەکات، هەر هەمووی ئاگادارە، گەر واش نیە، با سکاڵا تۆمار بکات.“ جێی باسە تا ئێستا وەزیری كشتوكاڵیش وەڵامی ئەو قسەیەی نەداوەتەوە.
لە خاڵێكی تری مەترسیدار لەم رووەوە كە دڵشاد ئەنوەر نووسیویەتی، هاتووە: ”یەکێتی لە بان ڕاستایی نزیک کەلار، واتە چەند کیلۆمەترێک ئەودیوی ساڵح ئاغا، شوێنێکی دابین کردووە و دەوروبەرەکەی بە کۆنکریت بەرز کردووەتەوە، کاتێک لێ نزیک دەبیتەوە وا دەزانی دەزگایەکی ئەمنییە، کاتێک سەیری ناوەوە دەکەیت پڕە لە باری بە تەنسیقی هاوردەکراو و بە تەنسیق ڕەوانەکراو. خۆ هەموو کەلار دەتوانێت لە پردەکەی گردەگۆزینە بپەڕێتەوە و ئەم شوێنە ببینێت.“
دەشڵێت: ”پێم وایە ئەم جۆرە لە ئیدارەدانە منی هاووڵاتی لەڕووی دەروونییەوە وێران دەکات و هەست بە هیچ جۆرە ئاسایشێکی خۆراك ناکەم. ئەمە هیچی لەو کارگانەی ڕژێمەکەی ئەسەد کەمتر نیە کە بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کەپتاگۆن، بۆ خواردنی گەنیو و شێرپەنجاوی چی جیاوازییەکی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر هەیە؟ جیا لەوەش، ناشکرێ دزی بگاتە ئەم ڕاددەیە.“
جێی باسە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار سەركردە باڵاكانی یەكێتی، بە هێنانی خۆراك و كاڵا و ماددەی بەسەرچوو و ئۆتۆمبێلی قاچاغ تۆمەتبار كراون، كە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكانی حكوومەت هێز بۆ ئەم چالاكییانە نایاساییانە بەكار دەهێنن و ژیانی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.