پارێزگای هەولێر ئاماری رۆژانی پشووی سەری ساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پلانەکەیان وەکو خۆی جێبەجێکردووە و هیچ گرفتێک دروست نەبووە.
پارێزگای هەولێر ئامارەکانی لەنێوان 25-12-2024 تاوەکو 01-01-2025 تۆمار کردووە. ئامارەکانی پۆلیس، گەشتوگوزار، تەندروستی، بەرگریی شارستانی، ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆ لەو ماوەیەدا روونکراونەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 04ـی کانوونی دووەمی 2025، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، هاتنی گەشتیار بۆ سنووری پارێزگاکە، ئەم ساڵ 63 هەزار و 411 گەشتیار بووە و بەراورد بە پار، زیاترە. پار 61 هەزار گەشتیار لە رۆژانی سەری ساڵدا سەردانی پارێزگاکەیان کردووە.
لە هەفتەی پشووی سەری ساڵدا لە هەولێر، 26 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 14 کەسی دیکەیش بریندار بوون.
پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە هەفتەیەکدا 135 تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراون، 129یان ئاشکرا کراون و تۆمەتباران ناسراونەتەوە و دەستگیر کراون. دەشڵێت، “6 تاوان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە”.
بەگوێرەی ئامارەکەی پارێزگای هەولێر، لە هەفتەی پشووی سەری ساڵدا، لە سنووری پارێزگاکە 1623 نەشتەرگەری کراون. 4221 نەخۆشیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
پارێزگای هەولێر وردەکاریی زیاتری لەبارەی نەشتەرگەرییەکان و سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان باس کردووە:
- 225 نەشتەرگەریی گەورە
- 533 نەشتەرگەریی بچووک
- 865 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانی لەدایکبوونیان کردووە
- 414 منداڵ لەدایکبوون
- 1,269 نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەنتەری ئاوات چارەسەریان وەرگرتووە
4221 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی سەنتەری دڵیان کردووە
لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، پارێزگای هەولێر دەڵێت، 12 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکانیان کۆنترۆڵ کردوون و جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.