ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی: یەكێتی زیاتر لە 300 ملیار دیناری لە ساڵانی رابردوو تاڵانكردووە


ئه‌ندامێكی پێشووتری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆی دزی و قاچاخچێتی و هاوردەكردنی نایاساییانەی کەلوپەلی ماوەبه‌سه‌رچوو لە دەروازەكانی سنووری سلێمانییەوە، زیانێكی زۆر بەر داهاتەكانی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

میدیای فەرمیی یەكێتی، بە پشتبەستن بە هەواڵی ماڵپەڕی (شەفافییەت)ی قوباد تاڵەبانی، كە بۆ پەردەپۆشكردنی تاڵانكردنی داهاتەكانی سلێمانی دانراوە، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەكات، كە داهاتی سلێمانی لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 310 ملیار دینار كەمی كردووە، بە بەراورد بە داهاتی هەمان دەڤەر بۆ ساڵی 2023.
ئەمەش لەكاتێكدایە، كە یەكێتی لە ساڵی 2023شدا پارەیەكی زۆری لە داهاتی سلێمانی تاڵان كردبوو.

لەمبارەیەوە، هۆشیار سدیق ئه‌فه‌ندی، ئەندامی پێشووتری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: “قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاسایی یەكێتی زیانێكی زۆر گەورەی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، ده‌بوو ساڵی رابردوو به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ داهاتی سلێمانی نزیكه‌ی 750 ملیار دیناری بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت بگه‌ڕێنرایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌، بگره‌ 310 ملیار دینار كه‌می كردووه‌، ئه‌مه‌ كێ لێی به‌رپرسیاره‌؟ ئه‌و هه‌موو دزی و هێنانی کەلوپەلی قاچاخ و كردنه‌وه‌ی هێڵی تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی رێنمایی حكوومه‌ت و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ی داهاتی سلێمانی بۆ خه‌زێنه‌ی حزب، هه‌مووی بارگرانییه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌ت و شاره‌كه‌ش دروست كردووه‌، به‌شێكی زۆری پرۆژه‌كانی سلێمانی له‌سه‌ر داهاتی سلێمانی كراون، كه‌چی چونكه‌ پاره‌كه‌ی دزراوه‌، پرۆژه‌كانیش راگیراون، ئێ باشه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌ته‌ حكوومه‌ت بڕیاری داوه‌ له‌سه‌ر داهاتی سلێمانی چه‌ندین پرۆژه‌ بكرێت، یانی پاره‌كه‌ هه‌ر ده‌دزن، مه‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت و لە پڕۆژە بۆ شارەکە خه‌رجی بكه‌ن.

گوتیشی: “له‌سه‌ر داهاتی سلێمانییش ئەگەر لە ساڵی 2022دا یەكێتی 500 ملیار دیناری لە داهاتی سلێمانی بردبێت، ئەوا لە ساڵی 2023دا 310 ملیاری دیكەشیان زیاتر لە پێشتر بردووە و بەم جۆرە قاچاخچێتی و تاڵانییەكانی یەكێتی زەرەرێكی خەیاڵییان بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، كە ناكرێت داهاتی سلێمانی لە لایەن یەكێتییەوە ببرێت، كەچی داهاتی شوێنەكانی دیکە بۆ بەكارخستنی پرۆژەكانی سلێمانی خەرج بكرێ، چونكە ئەسڵ وایە، كە هەر شوێنەی داهاتەكەی خۆی سەرەتا لە پڕۆژەکانی خۆی خەرج بكرێت.

ھەواڵی زیاتر