بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم.
سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بە داخەوە بە هۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێکرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە سالی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.
هەروەها ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوادارم ساڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/12/31