سەلاحەدین بەهائەدین 728 دەنگی بەڵێ ـی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستهێناوە و بووەوە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو.
ئەمڕۆ کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی بەڕێوەچوو. هۆشیار عەبدوڵڵا، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرەی بەدەستهێناوە و بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە.”
لە کۆنفرانسەکەدا گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی باسی لەوەکرد، “تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنەکە سەلاحەدین بەهائەدین هیچ رکابەرێکی نەبووە.”
یەکگرتوو ئیسلامیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەوەی سەلاحەدین بەهائەدین پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەی هەموارکردەوە، چونکە بەپێی پەیڕەوی پێشوو، ئەمینداری گشتی دەیتوانی تەنیا دوو خول ئەمیندار بێت. بەڵام سەلاحەدین بەهائەدین 7 خول ئەمیندار بووە.
لەدوای “بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکانی حیزبەکەی لە کۆنگرەی نۆیەم”، سەلاحەدین بەهائەدین جارێکی دیکە و بۆ جاری هەشتەم بووەوە بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.