چوارکەسی یەک بنەماڵە دەکوژرێن و بکوژەکان لە سلێمانی بە ئازادی دەسورێنەوە

”هەندێك لە بكوژەكان لە یەكەی حەفتای یەكێتین و بە ئازادانە لە سلێمانی دەسووڕێنەوە“

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی دیسێمبەری 2024، محەمەد كەریم كە لە ماوەی رابردوودا سێ برا و باوكی لێ كوژراوە، پرێس كۆنفرانسێكی ئەنجام دا و رای گەیاند: ”ئێمە وەك بنەماڵەی كەریم لەتیف مەعرووف، هەندێك راستی دەخەینە ڕوو، شەوی 10 لەسەر 11ی مانگی 3ی ساڵی 2018، تاوانباران سێ برای گەنجی بێتاوانیان لە یەك كاتدا كوشت لە كاتێكدا خەریكی كەسابەتی خۆیان بوون. پاشان خۆیان گەیاندە سنووری سلێمانی. پاش حكوومەت ڕێكارە یاساییەكانی ئەنجام دا و تاوانباران حوكمیان بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوە بەردەوام دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ئاگادار كراونەتەوە لە ڕێگەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە داوای رادەستكردنی تاوانباران كراوە، چونكە هەندێكیان لە یەكەی حەفتای پێشمەرگە بوون، بەڵام بە هیچ شێوەیەك رادەستی یاسا نەكراون، بە پێچەوانەوە لەو سنوورە داڵدە دراون و بە ئازادانە بە چەكەوە سووڕاونەتەوە.“

ئەوەشی خستە ڕوو: ”دواجار لە 13ی 12ی 2024 تاوانباران لە هەولێر باوكی سێ برا كوژراوەكەشیان كوشت لە كاتێكدا تەمەنی لە سەرووی 60 ساڵان بوو و لە كاتی نوێژی هەینی كوشتیان. ئەمە چوارەم كەسە لە بنەماڵەكەمان دەكوژرێت.“

چەند گومانێكیشی خستە ڕوو و داوای لە بەرپرسانی ئەمنی و ئیداریی یەكێتی كرد، وەڵامی ئەو گومانانە بدەنەوە و گوتی: ”ئەم ڕووداوانە لە سنووری ئەوان هاوردە كراوە بۆ هەولێر، پیلانێك لە سلێمانی دانراوە و لە هەولێر جێبەجێ كراوە. لە پەراوێزی ئەم پیلانەدا، یەكێتی و بەرپرسانی سەربازی و ئیدارییان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەدان كە تا ئێستا تاوانباران لەو سنوورەدا داڵدە دراون و رادەستی یاسا نەكراون. بۆیە دەبێ وەڵاممان بدەنەوە ئەویش بە رادەستكردنی تاوانباران، ئەگینا دەریدەخات كە یەكێتی دەستی لە رووداوی كوشتنەكەدا هەیە. هەروەها وەكوو بنەماڵە ئەم هەنگاوە بە خاڵێكی مەترسیدار دەزانین، بەوەی هەر كەس بیەوێ لە سنووری سلێمانی بێتە هەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان و خەڵكێك تیرۆر بكات و دواتر داڵدە بدرێت.“

كوڕێكی ئەو پیاوەی كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە كاتی نوێژی هەینیدا كوژرا، ئاشكرای دەكات كە ئەو كەسانەی براكانی و باوكیان كوشتووە، بەشێكیان لە یەكەی حەفتای یەكێتین و لە سلێمانی داڵدە دراون و یەكێتی ئامادە نییە رادەستیان بكاتەوە

ھەواڵی زیاتر