سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیر و دیپلۆماتکار و بەرپرسانی حکومی و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکان و خاوەنکارو وەبەرهێنەران، ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەڕ لە هەولێر بەڕێوە چوو.
سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە میری قەتەڕ و گەل و حکومەتی قەتەڕ و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق و کونسوڵی گشتییان لە هەرێم کرد و گوتی: قەتەر وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە و ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ بەشێکین لەم یادە. هەروەها ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان سیاسەتەکەی کراوەیە بە ڕووی دونیای دەرەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ وڵاتان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا لەگەڵ قەتەردا هەیە، هەرێمەکە لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندینجار ڕایگەیاندووە، کە دەیانەوێت وەبه‌رهێنەرانی قەتەری بهێننە هەرێمی کوردستان، تا کاری وەبەرهێنان بکەن.
هەروه‌ها گوتی: هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر بەرەوپێش ببات، لە پێشوودا چەندینجار سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی قەتەریان کردووە، لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە، لەبارەی بارودۆخی کوردستان، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

ھەواڵی زیاتر