کارکردن لە ڕێگای دووسایدی هەولێر – كۆیە دەستپێدەکات

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، زۆربەی کارە پێویستییەکانی جێبەجێکردنی ڕێگای دووسایدی ھەولێر – کۆیە تەواو بوون و لە داهاتوویەكی نزیکدا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕاگەیاند: “ڕێگای ھەولێر – کۆیە فشارێکی زۆری لەسەرە و یەک سایدە، بەھۆیەوە گرفتی ھاتوچۆ و ڕووداوی ھاتوچۆی زۆری لێ دەکەوێتەوە، ئێستاش بۆ چارەسەر و دووسایدكردنی ڕێگاكە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی 560 ملیار و 443 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کردووە.”

گوتیشی: “بۆ ئەو مەبەستە، گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کراوە و ڕاسپێدراوە کە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکات، دوای کاری پێویست، لە نزیکترین کاتدا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.”

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە باسی لەوەش کرد: “دووسایدەكە درێژییەکەی 40 کیلۆمەتر دەبێت، بڕیارە لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو بکرێت.”

ڕۆژی 10/10/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر – کۆیەی دانا، لەو ڕۆژەوەش، دەست بە ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كراوە و ئێستا لە قۆناغی كۆتاییدایە و بەم زوانە دەست بە دروستكردنی ڕێگاكە دەكرێت.

هەر لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دووسایدی هەولێر كۆیە، مەسرور بارزانی لە وتارێكدا گوتی: “ڕێگاکە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ بەستنەوەی شاری کۆیە، تەقتەق و دەوروبەری بە هەولێری پایتەخت و دەبێتە بەشێکی سەرەکیش لە بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی.”

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دابوو: “خەڵكی كۆیە شایەنی ئەوەن خزمەتی زیاتر بكرێن، پێشتر لە كابینەكانی پێشووی حكوومەت، بەهۆی ڕێگرییەكان جووتسایدی هەولێر – كۆیە نەكراوە، هیوادارین ڕێگرییەكان نەمێنن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی بگاتە هەموو كوردستان.”

ھەواڵی زیاتر