دەستەی گەشتوگوزار: پێشبینی دەکەین بۆ سەری ساڵ زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار بێنە کوردستان
ئەمڕۆ هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بەمەبەستی پێشوازی کردن لەو گەشتیارانەی بۆ بەسەر بردنی پشووەکانی سەری ساڵ ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، دەستمان کردووە بە چەند ئامادەکارییەک.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: “ئامادەکارییەکان لەسەر دوو ئاستی جیاوازە، ئاستی یەکەم کەرتی گشتییە، واتە هەماهەنگی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئاسایشی ناوخۆ و بازگەکانی هەرێم هەماهەنگی تەواو کراوە، ئەوەی جێی خۆشحاڵیشە بازگەکان ئاسانکاری تەواو دەکەن بۆ هاتنە ناوەوەی گەشتیاران، هەروەها بە چەند خولەکێک تەواوی ڕێکارییەکان بۆ ڕێگەپێدانی گەشتیاران دەکەن.”
دەشڵێت: “لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان چەندان لیژنەی جیاواز بە ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاواز پێکهێنراون، گرنگترینیشیان ئەو لیژنانە دەبێت کە لە بازگەکان ئامادەییان دەبێت، هەروەها دەمانەوێت هەر لە بازگەکانیشەوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەین و دیوێکی جوانی هەرێمی کوردستان نیشانی گەشتیاران بدەین.”
ئاماژەی بەوەش دا “تیمەکانمان لە بازگەکان بە پێدانی نەخشە و ڕێنمایی گەشتیاران لە پێشوازییاندان، لەناو سەنتەری شاریش ئەو بنکە گەشتیارییانە بەسەر دەکەنەوە کە ئاهەنگ و چالاکی بە بۆنەی سەری ساڵ تێیدا دەکرێت. ئەوەش بەمەبەستی دڵنیا بوونەوە لەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی گەشتیار دەکرێت.”
باسی لەوەش کرد “تیمەکان ڕێگری دەکەن لە نرخی کەلوپەلی بازاڕ، کە هەندێک لە دوکاندار خواستی ئەوەیان هەیە، لە ڕووی نرخەوە ئەو هەلە بقۆزنەوە.”
ئەوەشی خستە ڕوو “لەسەر ئاستی گشتیی، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی تەلەفوونی وەکو هێڵی گەرم ئامادە کراوە، گەشتیار دەتوانێت لە کاتی پێویستدا پەیوەندیی بکات.”
هەروەها گوتیشی: “ئامادەکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی میوانخانەکان و خواردنگەکان کراوە، بۆ ئەوەی تەواوی بنکە گەشتیارییەکان لە ئامادە باشیدا بن بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران.”
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت: “ناوەڕاستی ئەم مانگە چەند چالاکییەک دەست پێ دەکات، چالاکییەکانیش؛ کلتووری، هونەری، ڕۆشنبیری و هەندێکیشیان ڤێستیڤاڵن، بۆ بە براندکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و کارە دەستییەکان، هەندێکیان گەشتوگوزار خۆی سەرپەرشتی دەکات، هەندێکی دیکەشیان لەلایەن ئیدارەی خۆجێی ئەو شوێنانە دەکرێت.”
ئیبراهیم مەجید ڕاشیگەیاند “ساڵی ڕابردوو 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، پێشبینی دەکەین بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان.”