حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەیەکی گرنگی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی بردەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەیەکی گرنگی ناوبژیوانیی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن لە دژی کۆمپانیای (جێنێل ئینێرجی میران بنەباوی لیمیتد- GEMBBL) بردەوە.

خاوەندارێتیی کۆمپانیای GEMBBL بەتەواوەتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای Genel Energy plc وە بەڵێندەری گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشە (PSC) لە هەردوو بیرەنەوتی میران و بنەباوی.
پرۆسەی ناوبژیوانییەکە بەپێی یاسا و ڕێساکانی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەندەن بەڕێوە چوو.

سەرهەڵدانی ئەم ناکۆکییە لە دوای شکستی GEMBBL ەوە دەستی پێ کرد کە بڕیار بوو لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی و بەپێی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش بۆ دەرهێنانی گازی سروشتی پەرەپێدان بکات. گرێی سەرەکیی یاسایی لەم ناکۆکییەکەدا یەکلاییکردنەوەی ئەوە بوو کە ئایا حکوومەتی هەرێم مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەسانەی هەبووە یاخود نا.

بەهۆی بەردەوامیی شکستی GEMBBL لە پەرەپێدانی ئەو دوو بلۆکە، حکوومەتی هەرێم، لە کانوونی دووەمی 2021دا بڕیاری کۆتاییهێنان بەو گرێبەستانەی لە بلۆکی میران و بنەباوی، دا.
لە ڕێکەوتی ٥ی کانوونی دووەمی 2021، حکوومەتی هەرێم ئاگاداریی کۆتاییهێنانی ئەو گرێبەستانەی نارد بۆ GEMBBL.

لە ڕێکەوتی 10ی کانوونی دووەمی 2021، GEMBBL وای خستە ڕوو کە دەیەوێ ئەو گرێبەستانە دەستبەجێ کۆتایی پێ بهێنێت و جەختی کردەوە کە گوایە حکوومەتی هەرێم پێشێلکاریی لە پابەندبوون بەو گرێبەستانە کردووە.

بە هەمان شێوەش، لە ڕێکەوتی 10ی کانوونی دووەمی 2021، کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی Genel Energy کە خاوەنی GEMBBLە، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەو وتانە کردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتبوو کە گوایە جێنێل ئەنەرجی بەنیازە لە ڕێگەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە لە لەندەن داوای قەرەبووییەکی بەرچاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.

بۆ پاراستن لە مافەکانی، لە ڕێکەوتی 27ی کانوونی دووەمی 2021، حکوومەتی هەرێم داواکارییەکی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن دژی GEMBBL تۆمار کرد. لە داواکارییەکەدا حکوومەتی هەرێم داوای لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی کرد کە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەر بکات بە ڕەوابوونی کۆتاییپێهێنان بەو گرێبەستانە لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی.

کۆمپانیای GEMBBL یش داواکاریی بەرابەری دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی کرد. لە داواکارییەکەیاندا جەختیان کردبووەوە لەوەی کە گوایە حکوومەتی هەرێم پێشێلکاریی گرێبەستەکانی کردووە، وە داوای قەرەبووی زیاتر لە یەک ملیار و 750 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی دەکرد. حکوومەتی هەرێمیش بە تۆکمەیی ئەم تۆمەتەی ڕەت کردەوە و بە توندی دژی داواکارییەکانی GEMBBL وەستایەوە.

لە مانگی شوبات و مارسی ساڵی 2024دا، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن گوێی لە داواکارییە دژبەیەکەکانی حکوومەتی هەرێم و GEMBBL گرت. لە ڕێکەوتی 2ی کانوونی یەکەمی 2024دا بڕیاری لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەر کرد.

لە پشتیوانیکردنێکی پتەودا لە مافەکانی حکوومەتی هەرێم لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشدا، دادگا ئەم بڕیارانەی دا:

– حکوومەتی هەرێم مافی خۆیەتی کۆتایی بە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی بهێنێت.

– پشتڕاستکردنەوەی دادگا لە تێگەیشتنی حکوومەتی هەرێم لە مافی کۆتاییهێنانی بەو گرێبەستانە.

– دادگا پشتڕاستی کردەوە حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ئاگاداریی ناردووە بۆ GEMBBL بە کۆتایپێهێنانی ئەو گرێبەستانە لە ڕێکەوتی ٥ی کانوونی دووەمی 2021 و بەپێی مافی خۆی لەو گرێبەستانە.

– دادگا پشتڕاستی کردەوە کە GEMBBL بە شێوەیەکی نادروست گرێبەستەکانی میران و بنەباویی لە ڕێکەوتی 10ی کانوونی دووەمی 2021 هەڵوەشاندووەتەوە.

– دادگا پشتڕاستی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی ڕاست و دروست گرێبەستەکانی لە ڕێکەوتی 12ی کانوونی دووەمی 2021 کۆتایی پێ هێناوە.

– دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حکوومەتی هەرێم بەجێهێنانی ئەرکی خۆی لە هیچ یەکێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ GEMBBL پێشێل نەکردووە؛ هەروەها داواکارییە بەرابەرەکانی کۆمپانیای GEMBBLی بە تەواوی ڕەت کردەوە.

ئێستا حکوومەتی هەرێم چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی ئەو خەرجیانەیە لە کۆمپانیای GEMBBL کە لە پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی و پرۆسەی یاساییدا دژی داواکارییەکانی کۆمپانیای ناوبراو خەرجی کردووە.

K24

ھەواڵی زیاتر