شاندێکی پارتی بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان دەکات.
سێشەممە، 19-11-2024، سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: “هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەست پێ دەکات.”
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە “پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چەند لایەنی سیاسیی کردووە، لەم گەڕەشدا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات و دەیەوێت حکوومەتێک پێک بهێنرێت کە زۆرترین لایەن تێیدا بەشدار بن.”
لەبارەی ئەوەی پارتی کەی لەگەڵ یەکێتی کۆ دەبێتەوە؟ سەرچاوەکە رایگەیاند: “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەنێو کارنامەی سەردانەکەماندایە و هەڵبەتە لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆمان دەبێت، بەڵام جارێ دیار نییە کۆبوونەوەکەمان هەفتەی داهاتوو دەبێت یان ڕۆژێکی دیکە.”
ئاماژەی بەوەش کرد “دوای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجامی تانەکان ڕادەگەیەنێت و ئەو کات بەرچاو ڕوونییەکی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکان دروست دەبێت لەبارەی هەنگاوی داهاتوویان.”
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی