ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە هەولێر کەم دەبێتەوە

هاتووچۆی هەولێر: ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەم بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڵاوی کردەوە، هەرێمی کوردستان ساڵانێک بەدەست ڕووداوی نەخوازراوی هاتووچۆ ناڵاندویەتی، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئێمە بوونەتە قوربانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: هۆكاری ڕووداوەکانیش بەشی هەرەزۆرى دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی شوفێران بە ياسا و ڕێنمايەكانی هاتووچۆ و هەڵەشەيی و خێرالێخوڕين و لێخوڕین لەژیر کاریگەری مادە کحولییەکان و  سەرقاڵی شوفێران لەکاتی لێخوڕین دا، بە تايبەتی بە بەكارهێنانی مۆبايل و بەکارهێنانی سۆشیال مێدیا لەکاتی شوفێریکردن کە ئێستا زۆر بەربڵاوە لەناو چینی گەنجان.

هاتووچۆی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، حووکمەتی هەرێم و بەتایبەت کابینەی نۆیەم  خەمخۆرییەکی زۆری بۆ ئەم بابەتە هەبووە و گرنگییەکی زۆری بە کەرتی هاتووچۆ و ڕێگەوبان داوە. وەزاراتی ناوەخۆش زۆر بە وردی کار لەسەر ئەوە دەکات کە ڕێژەی قوربانییانی هاتووچۆ بەرەو کەم بوونەوە ببات.

جەختی لەوەش کردەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێریش پلانی تایبەتی خۆی هەبووە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ کە خۆشبەختانە تێیدا سەرکەوتوو بووە، ئەویش بە چاودێریکردنی بەردەوامی جوڵەی شەقامەکان لەلایەن ئەفسەران و کارمەندانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگەکان بە کامێرەی چاودێری و سزادانی  ئەو شوفێرانەی کە پابەندی یاساکانی هاتووچۆ نابن. 

زیاتر گوتی: ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ تا ئاستێکی باش بەرەو کەمبوونەوە چووە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە شۆفێرانی شاری هەولێر دەکات پابەندبن بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بۆ ئەوەی دوور بن لە ڕووداوی هاتووچۆ .

ھەواڵی زیاتر