سەرۆکی حکومەت: ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو لایەک پێویستە

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئەنجامدا و بارودۆخی سنووری گەرمیانیان تاووتوێ کرد.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەستخۆشی لە بەرپرسانی دەڤەری گەرمیانکرد کە لە کاتی دروستبوونی پشێوی و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حکومەت و موڵک و ماڵی گشتی و هاوڵاتییان لە سنوورکە، بەرپرسانە ڕەفتاریان کرد و هەوڵی پاراستنی موڵکی گشتیی و خەڵکیان دا.

لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/8/23 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەڵاح کوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بارودۆخ و کێشە و گرفتەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانی تاووتوێ کرد.

ھەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە و لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ھاوڵاتییانی ناوچەکە، مەسرور بارزانی دەڵێت “بەداخەوە خەڵکێک هەوڵ دەدات داوای ڕەوای هاوڵاتییان بۆ مەرامی سیاسی و شەخسی خۆی بەکاربهێنێت و هانی خەڵک دەدات بۆ تێکدان و سووتاندنی موڵکی گشتی و پشێوی نانەوە، ئەم ڕەفتارانەش بە تاوان دادەنرێن و پێویستە ئەنجامدەرانی، ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

سەرۆکی حکومەت وتیشی “دۆخی نەخوازراوی تەندروستی و قەیرانی دارایی، کە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هەماهەنگیی و هاوکاری هەموو لایەکی پێویستە.

ھەواڵی زیاتر