عێراق سەرکەوتنی پڕۆژەی هەژماری من-ی راگەیاند

هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، وێڕای بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیۆك لەبارەی سەركەوتنی پرۆژەی (هەژماری من) رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی (هەژماری من) تەنیا بۆ مووچە نیە، بەڵكوو بۆ پێدانی قەرز و پێشینە و ئاسانكاریی بانكییشە. راوێژكارێكی هاوبەندییەكەش دەڵێت: “پڕۆژەی (هەژماری من) رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵییە بۆ پڕۆسەی (تەوتین)ی مووچە و چارەسەركردنی كێشەی مووچە.”

هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، كە: “پڕۆژەی (هەژماری من) لەژێر چەتری حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق كار دەكات.”
هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، ئەوەشی باس كردووە، كە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی رێژەی گشتگیریی دارایی و بەهێزكردنی پارەدانی ئەلیكترۆنی.

جەختیشی كردووەتەوە، پڕۆژەی (هەژماری من) تەنیا بۆ مووچە نییە، بەڵكوو بۆ پێدانی قەرز و پێشینە و ئاسانكاریی بانكییشە.

لای خۆیەوە، شیروان ئەنوەر، راوێژكاری هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئێمە پشتیوانی لە پڕۆژەی (هەژماری من) دەكەین، چونكە ئەوە رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵییە بۆ پڕۆسەی (تەوتین)ی مووچە و چارەسەركردنی كێشەی مووچە.”

ئاماژەی بەوەش دا: “پڕۆژەی (هەژماری من) تەنیا بۆ مووچە نیە، بەڵكوو بۆ كەمكرنەوەی پشتبەستن بە پارەی كاش و پێدانی قەرزە بۆ فەراهەمكردنی هەلی كار و پڕۆژەی بچووك و هاوكاری و كارئاسانییشە بۆ دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانییە داراییەكانی بانك.”

شیروان ئەنوەر، ئەوەشی خستە ڕوو: “هاتنی بانكی بازرگانیی عێراقی بۆ نێو پڕۆژەی (هەژماری من) زۆر گرنگە و دەكرێت ئەو بانكە لە داهاتوودا بۆ تەمویلی مووچە لە حكوومەتی فیدراڵەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارێكی باش بێت و كارئاسانییش بێت بۆ ئەوەی قەرز و پێشینەكانی بانكی ناوەندی هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.”

راوێژكاری هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی جەختی كردەوە: “دەكرێت بانكی رەشید و رافیدەینیش هاوشێوەی بانكی بازرگانیی عێراقی بێنە نێو پرۆژەی (هەژماری من) و تەوتینكردنی مووچە.”

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ساڵێکە دەستی كردووە بە بانکیکردنی مووچەخۆران، بەپێی دوایین ئاماری تیمی پڕۆژەی (هەژماری من)، زیاتر لە 700 هەزار مووچەخۆر تۆمار كراون و تاوەكوو ئێستاش حەوت بانكی مۆڵەتپێدراو لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا بەشدارن.

ھەواڵی زیاتر