سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی وەڵامی چەند پرسیارێكی پەیامنێرانی دەدایەوە و تیشک دەكاتە سەر بابەتی مووچە، پڕۆژەی هەژماری من و گفتوگۆی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت.
ئەمڕۆ دوو شەممە، لە ژێر ناونیشانی “بەرەو حوكمڕانی دروست و خۆشگوزەرانی” 10ـەمین دیداری مێری بەبەشداری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە هەولێر بەڕێوەچوو، بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی سەبارەت بە كێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند: ئەوەی بیستم ئەوەیە كە تاوەكو ئێستا هەموو شت چارەسەر نەبوونە بەڵام هیوادارم چارەسەر بێت.
“هەر كەسێک دژایەتی پڕۆژەی هەژماری من بكات، دیارە كێشەی خۆی هەیە و نایەوێت شەفافییەت هەبێت، نایەوێت خەڵك بتوانێت بە حەزی خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئەمە كێشەیەكی سیاسیی لایەنەكانە بەڵام سەركەوتوو نابێت و پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت”.
سەبارەت بە هەوڵەكانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت و كابینەی دەیەم، مەسرور بارزانی، وەک جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: چاوەڕێی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنین لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئاشكرا بكرێت، بێگومان دوای ئەوە پارتی بەرنامەی خۆی دەبێت بۆ قسەكردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان لەسەر قۆناغەكانی داهاتوو.
ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و دوای 24 کاتژمێر ئەنجامی بەرایی بڵاو کردەوە و بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجامی فەرمی ڕابگەیێنێت.