دوای ئەوەی سەركردایەتیی كۆمەڵ بڕیاریان دا بایكۆتی پەرلەمان بكەن، بەڵام بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتیی ئەو حزبە پێیان باشە بەشداریی پەرلەمان بكرێت و رێز لە دەنگدەرانیان بگرن.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەكان، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاند، 100٪ دڵنیا بووینەوە لەوەی ساختەكاریی زۆر لە هەڵبژاردن كراوە، بۆیە ناچینە پەرلەمان.
ئێوارەی رۆژی شەممە 26ی ئۆكتۆبەر، عەلی باپیر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “ئێمە و چەند لایەنێكی تر، 100٪ دڵنیا بووینەوە لەوەی ساختەكاریی زۆر لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا كراوە، بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بڕیارمان دا بەشداریی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەكەین.”
ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەدڵی كۆمەڵی دادگەری نەبوو، كورسییەكانیان لە حەوتەوە بوو بە سێ، هەر ئەمەش وایكرد بەپەلە بایكۆتی پەرلەمان رابگەیەنن و بڕیاری نەچوونە پەرلەمان بدەن.
دوای ئەوە بەشێك لە كادر و سەركردەكانی ئەو حزبە فشاریان دروست كردووە كە كۆمەڵ لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە و بەشداری پەرلەمان بكات، چوونکە بۆچوونی ئەو كادر و سەركردانە ئەوەیە كە بڕیارەكە پەلەی لێ كراوە و نەچوونیان بۆ پەرلەمان رێز نەگرتنە لە دەنگی ئەندامانیان.
سەرچاوەیەك لە یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، سەڵاحەدین بەهادین قسەی لەگەڵ عەلی باپیر و چەندان سەركردەی كۆمەڵی دادگەری كردووە و پێی راگەیاندوون، كورسییەكانیان نەدەن بە پارتی و یەكێتی و بڕیارەكەیان كارێكی خراپە و چۆڵكردنی گۆڕەپانەكەیە.
هاوكات بەشێك لە سەركردە و كادرانی كۆمەڵ نامەیەكیان بۆ سەركردایەتی نووسیوە و پێیان راگەیاندوون، خەڵك دەنگی داوە و رێز لەو دەنگانە بگرن و دەنگی ئەندام و لایەنگرانمان بەفیڕۆ مەدەن.
هاوكات رەوتی هەڵوێستیش كە خاوەنی چوار كورسییە، بایكۆتی پەرلەمانی راگەیاند، بەڵام بەشێك لە دەنگدەر و خەڵكە نزیكەكەیان پێیان باشە ئەوانیش بەشداری هەڵبژاردن بكەن و بڕیاری نەچوونە پەرلەمان بگۆڕن.
كادرەكەی دهۆكی هەڵوێست هەرزوو دژی رەوتەكە قسەی كرد و گوتی، دەنگی خەڵك بەفیرۆ نادەین و دەچینە پەرلەمان.
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ـی ئەم مانگە كرا، سێ كورسیی بەدەست هێناوە. لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا حەوت كورسیی هەبوو.