رۆژی چوارشەممە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکەین

قائیمقامی ئاکرێ دەڵێت، رۆژی چوارشەممە 30 تشرینی یەکەم، لە ئاکرێ زەوی

بەسەر زیاتر لە هەزار فەرمانبەر دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تشرینی یەکەم، دلاوەر بوزۆ، قائیمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “رۆژی چوارشەممە زەوی بەسەر زیاتر لە هەزار فەرمانبەر دابەش دەکرێت، پڕۆسەکە بە تیروپشک و ئاشکرا لە بەردەم ئامادەبووان بەڕێوەدەچێت”.

قایمقامی ئاکرێ گوتی، “ئەو زەوییانە چوارشەممە دابەشدەکرێن، پێش ئێستا رەزامەندیان لەسەر درابوو، هەوڵدەدەین هەموویان دابەش بکەین”.

ئەمە لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە زاخۆ پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکرد، لە قۆناخی یەکەمدا بە تیروپشک زەوی بەسەر 4747 فەرمانبەری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دابەشکرا، لە قۆناخی دووەمدا زیاتر لە 8 هەزار فەرمانبەری دیکە سوودمەند دەبن.

هەروەها، پێنجشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2024، لە هەولێر پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکرد، پێنج هەزار فەرمانبەر بەپێی مەرجەکان سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27-03-2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.

بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:

– ساڵانی خزمەت.

– ژمارەی ئەندامانی خێزان.

– شوێنی نیشتەجێبوون.

ھەواڵی زیاتر