سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن: “بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لەبەردەستماندان، ئەنجامی كۆتاییش، هاوشێوەی ئەنجامە بەراییەكانە”.
عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، وەكو كۆمیسیۆن هیچ وادەیەكیان بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان دیارینەكردووە، بەڵام سەرقاڵی ئامادەكاریین بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی.
گوتیشی “بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لەبەردەستماندان، ئەنجامی كۆتاییش، هاوشێوەی ئەنجامە بەراییەكانە كە رامانگەیاندووە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ژمارەی كورسییەكان روونادات”.
رۆژی 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، رۆژی دواتر ئەنجامی بەرایی راگەیەندرا، ژمارەیەك لە لیست و بەربژێرەكان رەخنەیان لە ئەنجامەكە هەبوو، هەریەكە لە رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، كۆمەڵی دادگەریی ئەنجامی بەراییان رەتكردووەتەوە و جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند كە تانەی لە ئەنجامەكە داوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ سكاڵا تۆماركردن ماوەی 72 كاتژمێر بەلایەنەكان دەدات.