ناونیشانی کارکردن بە دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان دەدرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە پەسندکردنی پڕۆژەپێشنیاری وەزارەتی تەندروستی، بۆ ڕەخساندنی هەلی کارکردن لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکیی ددان و کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پیادەکردنی پیشەکەیان.

دەقی ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە:

دوابەدوای دەرچوونی ژمارەیەکی زۆری کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و کۆلێژەکانی دەرمانسازی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دوای هەوڵ و کۆششی وەزارەتمان و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی بنەما یاساییەکانی بواری پلەبەندی پزیشکی بەمەبەستی بەدەستهێنانی ناونیشانی شارەزایی لە بواری کارکردن و بەدەستهێنانی مۆڵەتی کارکردن لە کەرتی تایبەت پیادەکردنی پیشەکەیان بۆ نورینگەکان و دەرمانخانەکان و سەنتەر و کلینیکەکان،
بەسوپاسەوە ڕێزدار (مەسرور بارزانی) جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بریاری دا بە پەسندکردنی پڕۆژەپێشنیاری وەزارەتمان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەندیکاکان بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی پێدانی ناونیشانی کارکردن و مۆڵەت بۆ رەخساندنی هەڵی کارکردن لەکەرتی تایبەت بۆ دەرچوانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پیادەکردنی پیشەکەیان بۆ ئەوانەی ڕاهێنان و خۆبەخشیان کردووە و ڕاهێنراو بوونە، بۆ ئەم مەبەستە رێکاری پێویست و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی دەگیرێتەبەر بەهەماهەنگی لەگەل سەندیکا پەیوەندارەکانی سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان و سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان.
بەناوی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و ستاییشی ئەم بڕیارە گرنگ و ستراتیجیەی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەپێناوی رەخساندنی هەڵی کار و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری تەندروستی وە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی بۆ دەرچوانی کۆلێژەکانی پزیشکانی ددان و کۆلێژەکانی دەرمانسازی

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣٠ سێپتێمبەر ٢٠٢٤

ھەواڵی زیاتر