سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری ھەڵەبجە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارودۆخی پارێزگاکەی تاوتووێ کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری ھەڵەبجە، ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە بە مافی هاوڵاتییان دەزانێت، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/8/23 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی دەڤەرەکەی لە ڕووی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە تاووتوێ کرد. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، “سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیاندا. 

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاوڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان ، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر”.

ھەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (تووەقوت)ـە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەنجام دەدەرێت، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات. هەردوو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان،  بەردی بناغەی ھەردوو پڕۆژەکە دادەنرێت. 

دۆخی تەندروستی سنووری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤاپرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوون.

ھەواڵی زیاتر