لە سنووری پارێزگای دهۆک، 110 هەزار دەنگدەری نوێ مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 80 هەزاریان کارتی بایۆمتری دەنگدانیان هەیە، بۆیەکەم جار دەنگ دەدەن.
نزیکەی 300 هەزار دەنگدەری نوێ لە هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، کە 30% یان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: “88 هەزار کەس لە دایکبووی ساڵەکانی 2004، 2005 و 2006 ـن، بۆ یەکەمین جار لە سنووری پارێزگای دهۆک بەشداری هەڵبژاردن دەکەن”. لایەنە بەشداربووەکان لە بازنەی دهۆک کێبڕکێ لەسەر 25 کورسی دەکەن، کە 723 هەزار و 747 دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن و بەسەر 297 وێستگەی دەنگدان دابەشکراون.