قورئانێکی تایبەت بە نابیستان دابەشدەکرێت


لەهەولێر ڕێورەسمى پێشکەشکردنى قورئانی پیرۆزى ئامادەکراو بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان، دابەشکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.9.10، بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زەکییە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و د.عەبدوڵڵا مەلاوەیس، سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاینى و بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە مامۆستایان و پیاوانی ئاینی، لە مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، ڕێورەسمێک بۆ پێشکەشکردنى قورئانی پیرۆزى ئامادەکراو بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان کە لەسەر ئاستى جیهان یەکەمین جارە لە هەولێرى پایتەخت ئەوکارەکراوە و لەلایەن عزەدین حامد مستەفاوە ئامادەکراوە سازکرا.

لە ڕێورەسمەکەدا، دواى چەند وتارێک، لەلایەن ئامادەبووانەوە دەست بە پێشکشەکردنى قورئانی پیرۆز بۆ نابیستان کرا، کە فەتوای لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانی بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی ڕێگا بە چینی نابیستان بدرێت قورئانەکە بخوێننەوە و خەتمی بکەن، هەروەها هەر سی بەشەکەی قورئانیش لە سێ بەرگدا کۆکراوەتەوە و هەزار دانەشی لێ چاپکراوە.

جێگەى باسە، زمانی ئاماژە زمانێکی سرووشتی تەواوکەرە و نابیستان بە ئاسانی لە یەکتر حاڵی دەبن، بوونی قورئانێکی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی ئاماژە، بووەتە خۆشحاڵی نابیستان و بە ھەنگاوێکی گرنگ لە ژیانیدا پێناسەی دەکەن.

ھەواڵی زیاتر