پلاتفۆڕمی دابڕان: ڕۆژی ڕەشی پێنجی ئەیلوول، دابڕانێکی دیکەی تێڕامانە لە باوەڕی بەربەریخوازیی

پلاتفۆڕمی دابڕان، ڕایگەیاند، دابڕان دنیابینیەک بوو دژی فەرهەنگی هەڵکوتان و هێز، دژی سەپاندن و بازرگانیکردن بە بەندایەتی و باوەڕی کوردەوارییەوە.

پلاتفۆڕمی دابڕان، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەمیانی 10 ساڵ مێژووی مەدەنییەت و خەباتی خواستە سەردەمییەکانیدا، بێ لە چاندنی چەمکە چارەنووسسازەکان، بێ لە ئاوڕدانەوە لە ئاداب و ئەندێشەی ئازادیخوازیی، بێ لە سەنگەری سیستەمێکی دادپەروەر و دنیابینییەکی هەقخواز، هیچ هەنگاوێکی بە پێچەوانەی پەیامی ڕۆشنگەرییەوە نەناوە.

پڵاتفۆڕمەکە باس لەوە دەکات، دابڕان دنیابینییەکی سەردەمیانە و سیمایەکی نوێی ناو نەریتە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکەی کوردستانە و ویستوویەتی ویژدانی مرۆڤبوونمان بدوێنێت و باوەڕبوون بە عەقڵی ئازاد و ڕەخنە و ڕۆشنگەریی بکاتە فەرهەنگ و فەلسەفەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان.

دابڕان، جەخت لەوە دەکاتەوە،لە گۆشەنیگای گۆڕانکاریی بەرەو بابەتیبوون، لە زەمینەی دابڕانی زانستی و زمانی ڕەخنە و جوانییەکانی جیاوازییەوە سەکۆیەکی دامەزراندبوو. لەو سەکۆیەدا لەوپەڕی ڕاست و ئاینییەوە تا ئەمپەڕی چەپ و سیکیۆلار شوێنی تێدا دەبوویەوە. ڕاسپاردەی حەوت کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دابڕان تەنیا و تەنیا ڕاسپاردەی پەروەدەیی و ڕۆشنگەریی کوردەواریی بوون.

پلاتفۆڕمەکە دەڵێت: خولە ڕۆشنگەرییەکانی دابڕان تەنیا و تەنیا خولی خێزانی و خەسڵەتی ئەخلاقێکی خاوێنی مرۆڤانەو دەستگرتن بوون بە بەها و باوەڕی ئاینییەوە، بۆیە دابڕان دنیابینیەک بوو دژی کەلتووری (هەڵمەتە سیلاح)، دژی فەرهەنگی هەڵکوتان و هێز، دژی سەپاندن و بازرگانیکردن بە بەندایەتی و باوەڕی کوردەوارییەوە.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێمە وەک پلاتفۆڕمی دابڕان، لە ڕاگەیاندنمانەوە تاوەکو ڕۆژی ڕەشی (٥)ی ئەیلوول، ڕۆژی هەڵکوتانە سەر سەکۆی جیاوازی، ڕۆژی قۆڵبەستکردنی چیرۆک و خەیاڵ و زمان و ئەدەب، ڕۆژی شکاندنی دەرگای شیعر و ئەرشیفی ڤیستیڤاڵەکان، ڕۆژی ڕەشی کوژاندنەوەی ڕووناکیی و ڕەخنە، بەدەنگی بەرز، لە پایتەختی ڕۆشنبیرییەوە، بەوپەڕی شانازییەوە، وەک چۆن بووین بە ئاسۆی داهێنان و فەرهەنگی ئەم شارە، وەک چۆن بووین بە ڕووی سووری جوانییەکانی مێژووی شار، ئاوەهاش فەرهەنگی فەوزا و فەرهوود، فەلسەفەی هەڵکوتان و دەرگا شکاندن دەدەینە دوواوە و دەمانەوێ بڵێین، ئێمە دابڕانی دنیای تاریک و نەریتی نوتەکین، دابڕانی ڕۆژی ڕەش و قۆناغێکی نوێی خەباتی مەدەنییەت و ئازادیخوازین.

k24

ھەواڵی زیاتر