بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سی و شەش ساڵ لەمەوبەر لە بیست و پێنجی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 لەدرێژەی زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی عێراق لەدژی خەڵكی كوردستان، بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان، لە لایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا كەوتنە بەر شاڵاوی نامرۆڤانەی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان.
لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان شەهید و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور بوون. ئامانجی ئەو تاوانەی ڕژێمی پێشووی عێراق شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕش و درێژەپێدان بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیی كوردستان بوو.
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو تاوانە و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و بە توندیش پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. ئەو تاوانانە نابێ لەیاد بكرێن و پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و تاوان و هەموو ئەو ستەمكارییانە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.
مسعود بارزانی
25ی ئابی 2024