بڕیارەكانی گرنگەکانی مەسرور بارزانی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دەدات و کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لەوبارەیەوە دەردەکات.

دوای ئەوەی ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانێكی گرنگی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە، لەنزیكەوە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکە ئەنجام دا، جیا لەوانەش چەندین دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی رووبەڕوو و ڕاشكاوی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكاندا سازدا.
لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكان و هاووڵاتیان، باسیان لە كێشە و كەم وكوڕی و گرفتەكانی ناوچەكانیان كرد و چەند داواكاری و پێشنیاریان پێشكەش بە سەرۆكی حکومەت كرد.
سەرۆكی حکومەت بە وردی گوێی بۆ داوكارییەكانیان گرت و بەڵێنیشی دا كە ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو دوو پارێزگایە و قەزا و ناحیە و گوندەكانی، جێبەجێێ دەكات.
لەم بارەیەوە سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دا ، 
كە ئەمانەی خوارەوە پوختەی ئەو بڕیارانەیە:

زیادكردنی پێشینە

– زیادکردنی پێشینە و خەرجی باری لەناکاوی ئیدارەی ڕاپەرین قائیمقامیەتەکان لە (٠٠٠, ٢٦,٠٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٠٠٠, ٧٨,٠٠٠)ملیۆن دینار.

دامەزراندن و میلاك

ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی(١٣٣) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەرین، هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی كەلار و كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەكە و هەردوو بەرێوەبەرایەتیی ناحیەی قۆرەتوو و مەیدان.

یەکلاکردنەوەی كێشەی زەویی سندووقی

– نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی بۆ ماوەی یەك ساڵ تا كێشەی ئەو زەوییانە یەكلا بكاتەوە لە سنووری گەرمیان كە بە (زەویی سندووقی) ناسراون و دەكەونە نێوان دوو خانوو، تۆماری سەربەخۆیان نیە بەڵام لە نەخشەی شارەوانی بە (زەویی چۆڵ) داخڵ كراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لێی سوودمەندبن.

پێدانی زەوی بۆ كەسە شایستەكانی ناوچە كوردستانییەكان

نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی شارەوانی تا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زەوی بۆ میراتگری شەهیدان و ئەنفالكراوان و راگیراوانی سیاسی و ڕزگاربوانی شاڵاوی ئەنفالی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دابین بكات كە ژمارەیان (٢٧٤) كەسە بۆ ئەوەی لە شوێنی شیاو زەوییان پێبدرێت.


دابینكردنی ئۆتۆمبێل

بریار درا بە دابینکردنی (٣٥) ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قائیمقامیەتی كەلار و قایمقامیەتی كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بۆ مەبەستی لێژنەی ئەمنی و لێژنەی چاودێری.

مۆڵەتی بەنزینخانە

– ڕەزامەندی درا لەسەر پێدانی مۆڵەت بە سێ بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.


پڕۆژە

– ڕەزامەندی درا لەسەر گواستنەوەی (٣٩) پڕۆژە لە بوودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بۆ سەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی وەگەرخستنەوەیان.

– پێدانی دەسەڵات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تاکو بڕی (١) ملیار دینار.

ھەواڵی زیاتر