مەسرور بارزانی: جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی هاووڵاتییانی ئێزدی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

ئەمڕۆ دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت، كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، هەزاران كەس لە دانیشتووانی دەڤەری شنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون.
هەرچەندە دە ساڵ بەسەر ئەم تاوانە تێدەپەڕێت، بەڵام بە داخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی کۆتایی نەهاتووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنن و بە هۆی خۆسەپێنيی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە شنگال، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.
لەم یادەدا، قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕابەرایەتيی سەرۆک بارزانی، لە ڕزگارکردنی شنگال بەرز دەنرخێنین و بە ڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانین.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان خۆش بکرێت. بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژيی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ھەواڵی زیاتر