وادەی ناردنی دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان ئاشکرا دەکرێت
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەغداد سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەیەکەوە دەنێردرێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە دوای ئەو نووسراوەی کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی ناردووە لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی بڕیاری خەرجکردنی پارەکەی داوە و رۆژی یەکشممە یان دووشەممە پارەی مووچەی هەردوو مانگەکە بەیەکەوە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی، لە دوای ناردنی پارەکە، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی ئەو دوو مووچەیەی هێزە ئەمنییەکان بکات.
نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نوسراوێکدا بە ژمارە 3005 کە رێککەوتی دوێنێ پێنجشەممە 11ـی تەمموزی لەسەرە و ئاڕاستەی وەزارەتى دارایی کراوە، تێیدا هاتووە، “سەرۆکوەزیرانى عێراق رەزامەندیی پیشانداوە لەسەر خەرجکردنى مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەى تێبینییەکانى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە چارەسەر دەکرێت، پاشان مووچەى مانگەکانى دیکە خەرجدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، مووچەى ئەو دوو مانگەى هێزە ئەمنییەکان بەهۆى بوونى تێبینیى لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی عێراقەوە لەلایەن بەغدادەوە راگیرابوو، بەو هۆیەوە داوى وەرگرتنى مووچەى مانگى نیسان، ئەو هێزانە ماوەى زیاتر لە 70 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.