مەسرور بارزانی تکایەکی لە گەنجان و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان هەیە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە ئەمشەو بەشی یەکەمی بڵاوکرایەوە، گوێ لە داخوازی و داواکاری و کێشەکانیان دەگرێت و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە. لە پێشەکی قسەکانیشیدا ئامادەیی نیشان دەدات  پێکەوە “گفتوگۆیەکی خۆمانە و ڕاستگۆیانە لەسەر کۆمەڵێک بابەت” بکەن.

مەسرور بارزانی نموونەی بە گرنگیدان بە بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری داو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندین پرۆژە لە هەرێمی کوردستان لەو بوارانەدا جێبەجێکراون، هەموو ئەوانەش بوونە هۆی ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێت.

مەسرور بارزانی تکایەکی لە گەنجان و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان هەبوو  “پێش هەموو کەسێک هاووڵاتی بیر لەوە بکاتەوە ئەم وڵاتە هی خۆیەتی، با هیچ بازرگانێک و بازرگانێکی سیاسیی یاری بە چارەنووسی گەنجەکانمان نەکات، خۆی بڕیاری خۆی بدات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوان بەرنامەیان هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بزنسی نوێ بۆ خۆیان بکەن و ڕایگەیاند “یارمەتی ئەو کەسانە دەدەین کە بیانەوێت یارمەتی خۆیان بدەن”.

لە وەڵامی پرسیاری هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی چوارقوڕنە بە ناوی بڕیار سابر ئیبراهیم سەربارەت بە خزمەتکردنی شاری سلێمانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆک، سەرۆکوەزیران بەو هاونیشتمانیە و ئامادەبووانی گوت؛ “هەمیشە خۆم بە خزمەتکار و بچووکی هەمووتان دەزانم، ئەو ئەرکەی لەسەر شانمە بە ئەمانەتەوە وەرمگرتووە، خودا شاهیدە بە ئەمانەتەوەش ئیشەکانم کردووە و بەردەوامیش دەبم لەوەی ویژدانی خۆم و خوای خۆم و ئێوە لێم ڕازی ببن، ئەمە بۆ من گەورەترین سەروەت دەبێت ئەگەر خەڵک لێم ڕازی ببێت”.

هەر ئەو هاونیشتمانییە گلەیی لە هاندانی حکومەت لە کەرتی کشتوکاڵ و ساغنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان و هاوردەکردنی کاڵای بیانی هەبوو، لە وەڵامدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ کارەکانی ئەم کابینەیەی حکومەت کرد و گوتی: پێموایە لەو کابینەیە زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە گرنگی بە بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ دراوە”.

ھەواڵی زیاتر