سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا دەکات
سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ سەردانی بەغدا دەکات.
بڕیارە سبەی چوارشەممە، 3ی 7ی 2024 سەرۆک بارزانی، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق، لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە
لە کۆبوونەوەکاندا چەندین پرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تائێستا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، تاوتوێ دەکرێت کە گرنگترینیان یەکلاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و زەوی جووتیارانی کوردە، سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری ئەو پرسانە و چەند پرسێکی دوای شەش ساڵ جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکات.
بە گوتەی سەرچاوەیەک لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی حیکمە: چوارشەممە سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و بەشداری کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم دەکات و بەشێکی زۆری سەرکردەکانی عێراق دەبینێت.
بەگوێرەی زانیاریەکان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، خاڵەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پرسی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پرسی سەرەکی گفتوگۆکان دەبن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، جگە لە یاسای نەوت و غاز و یەکلاکردنەوەی پرسی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی عێراق.
دوایین سەردانی، سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، رۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.