مەسرور بارزانی لە کاتی کردنەوەی سایلۆی هەڵەبجە گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: لە ڕێگەی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە گەشە بە ئابووری پارێزگاکە دەدەین.
سەرۆکوەزیران ڕاشیگەیاند، هەرچی لەدەستمان بێت درێغی ناکەین بۆ هەڵەبجە.
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕاگهیاند، خۆشحاڵم جارێكی تر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە بێینەوە خزمەتی خەڵکی خۆشەویست و نیشتمانپەروەری هەڵەبجە بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە کە پێویستە لە کاتی خۆی و بەپێی مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێت و بخرێتە خزمەتی خەڵک و جووتیارانی ئەم دەڤەرە.
مهسرور بارزانی، ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد، هەفتەی ڕابردوو، شاندێکی بەڕێزی ئەنجوومەنی پاڵپشتیی پارێزگای هەڵەبجە كە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی پارێزگەی هەڵەبجە پێكهاتبوون، سەردانیان کردین و گفتوگۆیەکی بە سوودمان کرد لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان و بنەما و ژێرخانی ئابووری لەم دەڤەرەدا، بە شێوەیەک كە وا بکەین خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان و عێراق و دەوروبەریش بۆ کاروباری بازرگانی، ڕوو لەم دەڤەرە بکەن ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە دەبێت کە هیوادارم کەرتی تایبەتیش لێرە و لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ زیاتر گەشەپێدانی ئابووری لە پارێزگەی هەڵەبجە.
هاوكات، سهرۆكی حكوومهت، ڕاشیگهیاند، هەرچەندە زیاتر لە ده ساڵ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدڕاڵەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت، لەم ڕووەوە ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو ڕێکارانە تەواو بکرێن.
لهمیانهی گوتارهكهیدا، مهسرور بارزانی ئهوهشی خسته ڕوو، هەڵەبجە وەک زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و زوڵم و ستەمێکی زۆر لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لێی کراوە و بووەتە سیمبولی ستەمكردن لە خەڵكی كوردستان، دەبووایە خەڵکی زیانلێکەوتووی دەستی ڕژێمی پێشوو لە کوردستان و عێراق بە گشتی، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە. هەوڵەكانمان لەم بوارەدا چڕ دەكەینەوە و پێویستە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش لە بەغدا، هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن لەم بوارەدا.
له كۆتاییشدا ڕایگهیاند، هیوادارم هەڵەبجە و کوردستان بە گشتی، هەمیشە هەر لە گەشانەوە و پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتردا بن.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات و بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمهی 26 ملیار دینار دادەنێت.
سایلۆكه لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی دهبێ، لەگەڵ 10 کۆگا بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵەکان و بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە 700 ڕۆژ دیاری کراوە.