کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا، لە هەولێر پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە 20ـی ئۆکتۆبەری داهاتوو.
کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاماژە بەوە دەکات، فەرەنسا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات.
چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە:
یەکەم: دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.
دووەم: گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.
سێیەم:ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، وادەیە نوێیەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێ گرتن لە بیروبۆچوونەکان دیاری کراوە.