ئەمڕۆ سێشەممە 6/25، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت بەشەکانی سایلۆکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە چاودێری وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد. پاشان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی دروستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکومەت لە بواری گرنگیدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچن . ئەمساڵ بیستمان ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەمان زیاتر بووە و لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت کە تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەندێک شتیان قبوڵ کردووە بەس لە ئاستی پێویستی ئێمەدا نەبووە.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی کوردستان دەکات و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش ، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی بیست و یەک ملیار و دووسەد و حەفتا و شەش ملیۆن و هەشتسەد و سی و پێنج هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی چل تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر