وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ئاییندەیەكی نزیكدا 140 ئامێری راكێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێم دادەنرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من كۆبووەوە و رایگەیاند، جێبەجێكردنی پڕۆژەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و رێگری لە سپییكردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانكی پێشكەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەكات.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پڕۆسەی تۆماركردنی فەرمانبەران لە پڕۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لەڕێگای هەشت بانكی ئەهلی و حكومییەوە بەردەوامە كە سەرجەمیان لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە باوەڕپێكراون و رەزامەندی بەشداریی پڕۆژەكەیان پێدراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، وەزیری دارایی بڕیاریدا چەندین كارئاسانیی زیاتر بۆ تیمەكان بكرێن تا پڕۆسەكە خێراتربكرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیارییكراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانكی خۆیان، بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەكی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و كارمەندانی لیوا هاوبەشەكان بدرێت لە پارێزگای هەولێر كە تائێستا لەپڕۆژەكە تۆمارنەكراون خۆیان تۆماربكەن.
باس لەوەش دەكات، تائێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەكە تۆماركراون و نزیكەی 240 هەزار كارتی بانكیش دابەشكراون، هاوكات ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر كە لە 135 یەكەی ژمێریاری لە سەرجەم وەزارەتەكان پێكهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەكانی داهاتوو ژمارەكە بۆ دوو هێندە بەرزدەكرێتەوە.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، “تائێستا 94 ئامێری راكێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئاییندەیەكی نزیكدا 140 ئامێری راكێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دادەنرێن و جگەلەوەش لیستی نزیكەی چوار هەزار و 500 فەرمانبەر ئاڕاستەی بانكیTBI كراون و بە چەند قۆناغێك كارتی بانكی بۆ فەرمانبەران گەڕێندراوەتەوە”.